سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستپێشخەرییەکی بۆ پێدانی قەرزی ئاسانکاری بە ژنان راگەیاند بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، بەپێى راگەیەندراوى نوسینگەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق، دەستپێشخەریی (بصمة) بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵێک بانکی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی پتەوکردنی بەشداریی ژنانە لە ژیانی ئابووریدا و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری.
لە راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداریکردن لەم دەستپێشخەرییەدا لە
چوارچێوەی مەرجی ئاسانکاردا دەبێت کە رەچاوی تایبەتمەندی پڕۆژە بچووک و
مامناوەندەکانی ژنان دەکات.
دەستپێشخەرییەکە
پاڵپشتیی دارایی بۆ چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری ژنان دابین دەکات، کە پێکهاتوون لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی
ماڵەوە، پڕۆژەکانی دوورمان، بازرگانیی ئەلیکترۆنیی بچووک، کشتوکاڵ، ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی
ژنان، باخچەی ساوایان، بوارە جیاوازەکانی دیزاین.
سەرۆک وەزیران وتووشیەتی
کە حکومەت، شانبەشانی پێدانی قەرزەکان، سەکۆی مەشق و راهێنان و پاڵپشتی و
راوێژکاری بۆ پڕۆژە جیاوازەکان دابین دەکات.
سودانی دووپاتیشیکردەوە
کە حکومەت بایەخێکی لەپێشینە بە کەرتی ژنان دەدات و پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای
ژنان یەکێکە لە گرنگترین بڕیارەکان لەم بوارەدا.