بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا دەڵێت، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریكا لە هەفتەی رابردوودا بەرزبووەتەوە و گەیشتوەتە ١٣٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێكدا.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تێکڕای هاوردەی ئەمریکا لە نەوتی خاو لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ١٠ وڵاتی سەرەکییەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٥٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بڕی ٣١٧ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەناردەی نەوتی
عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتوەتە ١٣٥ هەزار بەرمیل، بە بڕی ١٢٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا
بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە هەفتەی پێشوو کە گەیشتبووە ٨ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
باسی لەوەشكردووە، زۆرترین داهاتی
نەوتی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بوە بە تێکڕای سێ ملیۆن و ٦٠٠
هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، پاشان مەکسیک بە تێکڕای ٤٩٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و
لە لیبیاوە بە تێکڕای ٢٢٥ هەزار بەرمیل و لە نایجیریاوە بە تێکڕای ٢٩٠ هەزار
بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەپێی خشتەکە، قەبارەی هاوردەی
ئەمریکا لە نەوتی خاو لە بەرازیلەوە گەیشتووەتە ٢١٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و
سعودیە گەیشتوەتە ١٩٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و لە ڤەنزوێلاوە بە تێکڕای ١٩٤
هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و لە ئیکوادۆرەوە ١٨٧ هەزار بەرمیل لە رۆژێکداو لە
کۆڵۆمبیاوە ٧١ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.