سەردێڕ:

پێنج کێشەی تەندروستی کە دەکرێت بەهۆی شەپۆلی گەرماوە خراپتر بن

PM:07:00:27/06/2025

1644 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکان گەرما لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە مەترسییە تەندروستییە شاراوەکان کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکەن.


لە ماڵپەڕی " New York Post" بڵاوکراوەتەوە، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان وشکبوونەوەی جەستەیە، کە نیشانەکانی بریتین لە سەرگێژخواردن و سەرئێشە و دابەزینی پەستانی خوێن.

بەرکەوتنی درێژخایەن بە گەرمای زۆر دەبێتە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی گەرما، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوو و منداڵاندا.

پزیشکەکان پێنج گروپی سەرەکییان دەستنیشان کردووە کە مەترسی زیاتریان لەسەرە لەم ماوەیەدا:

١. نەخۆشانی دڵ و خوێنبەرەکان:

نەخۆشانی دڵ ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی زۆر دەبنەوە، لە لایەکەوە پێویستیان بە گۆڕینی ئەو شلانەیە کە لە ڕێگەی ئارەقەکردنەوە لەدەست دەچن و لە لایەکی دیکەوە زۆربەیان سنووردارکردنی پزیشکییان لەسەرە سەبارەت بە وەرگرتنی شلەمەنی هەروەها ئەو دەرمانانەی کە هەندێک لە نەخۆشانی دڵ دەیخۆن ئەگەری ناهاوسەنگی ئەلکترۆلایتەکان زیاد دەکەن، گەرما دەبێتە هۆی ڕێگری لە ڕۆیشتنی خوێن بۆ دڵ، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.

٢. کێشەی هەناسەدان:

هەوای گەرم بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر سیستەمی هەناسەدان، ئەمەش هەناسەدان قورستر دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسەکە دروست دەکات.

٣. نەخۆشانی گورچیلە:

ئەم نەخۆشانە بە تایبەتی هەستیارن بەرامبەر بە هەر ناهاوسەنگییەکی شلە و ئەلکترۆلایت لە جەستەدا، حاڵەتەکە بە شێوەیەکی سروشتی لە کاتی شەپۆلی گەرمادا خراپتر دەبێت بەهۆی زیادبوونی ئارەقەکردنەوە.

٤. نەخۆشانی تەندروستی دەروونی و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان:

دەرمانەکە پلەی گەرمی جەستە و لێدانی دڵ زیاد دەکات، ئەمەش بارودۆخێکی گونجاو بۆ جەڵتەی گەرما دروست دەکات هەروەها هەندێک حاڵەتی تەندروستی دەروونی، وەک تێکچوونی دڵەڕاوکێ، ئەگەری تووشبوون بە ئاڵۆزییە تەندروستییەکان لە کاتی کەشوهەوای گەرمدا زیاد دەکات.

٥.ئەوانەی هەندێک دەرمان دەخۆن:

لیستەکە کۆمەڵێک دەرمانی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، وەک هەندێک دەرمانی دژە خەمۆکی و دژە هیستامین ، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر توانای سروشتی جەستە هەبێت بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی.













گەلەری