سەردێڕ:

شاندێکی تەکنیکی عێراق لە هەرێمن؛ بڕیارە ئەمڕۆش شاندێکی باڵا بێن

AM:11:11:27/06/2025

2088 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی تەکنیکی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مووچە و هەناردەی نەوت، لە هەرێمن و بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵاش بگەنە هەرێم.


ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سەبارەت بە شاندی باڵای حکومەتی عێراق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، وابڕیارە ئەمڕۆ بێنە هەرێم و سەبارەت بە پرسی مووچە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، شاندە باڵاکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق پێکدێت کە  فوئاد حسێن، جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و ئەندامەکانی تر دەگرێتەوە.

شاندە تەکنیکییەکەش، گفتوگۆ لەبارەی داهاتی ناوخۆ و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەکەن بەشێوەیەکی گشتی، مانگانە هەرێم چەندێک داهاتی ناوخۆی هەیە و چەندێکی بەکار دەهێنێت، واتە دەیانەوێت حساب و کتابی هەرێم بزانن، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو تاوتوێی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەن.

هەروەها، دواتر راپۆرتی شاندە تەکنیکیەکە دەخرێتە بەردەم شاندە باڵاکە و گفتوگۆ لەبارەی کێشەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان دەکەن، وە بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدەن، بەڵام ئەوەی ناڕوونە، ئەوەیە کە ئایا کاری شاندەکە تاچەند خێرایە و تا چەندێک دەتوانن بەزوویی بڕایرێک لەبارەی مووچەوە بدەن؟، وە خاڵێکی تريش ئەوەیە کە تاچەند و چۆن دەتوانن قەناعەت بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق  و محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەن بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەى دوو مانگە حکومەتى ماوەبەسەرچوو موچەى دابەش نەکردووە، هەرچەندە بەپێی راپۆرتی هەردوو چاودێریی دارایی بەغدا و هەرێم، حکومەتى ماوەبەسەرچوو ٢٣ تریلیۆن دیناری داهاتى نەوتی و ناوخۆی دوو ساڵ و نیوی رابردووی لەبەردەستە، بەڵام ئامادە نیە تەنانەت یەک مووچەشى پێ دابەشبکات.













گەلەری