دوای چەندین ساڵ لە بۆردومانکردن و ئەشکەنجەی دانیشتوانە بێتاوانەکەی، ٣٦ ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس دەستیکرد بە راگواستنى زۆرەملێیان و هەموو شوێنێکی قەڵادزێی بۆمباران کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، یادێکی دڵتەزێنی ٣٦ ساڵ لەمەوبەرە، کە حکومەتى بەعس شارى قەڵادزێ و سنووری پشدەرى بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانى جدیدە و کەورگۆسک و بازیان راگواست.
لە ساڵی ١٩٧٤،
فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعس قەڵادزێیان بۆردومانکرد و ١٣٧ هاوڵاتی بێتاوان شەهیدبوون
و زیاتر لە ١٥٤ کەس كە ژمارەیەكی زۆریان خوێندکاری زانکۆ بوون و لە بەشەناوخۆییەکان مابوونەوە،
برینداربوون.
چەندین ساڵی
دواتر، سەرلەبەیانی ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢، كاتێک كە خەڵكی شارەكە بە سەرپەرشتی
خوێندكاران لە گۆڕستانی شەهیدەکانەوە گەڕانەوە بۆ قەڵادزێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی رژێمی
بەعسەوەوە رێیان لێگیرا و دواتر تەقەیان لێکرا.
لەو کاتەدا دوو مامۆستای ژن كە دەیانویست لە ئاوی رووبارەكە
بپەڕنەوە، بەهۆی زۆری ئاوەكە لە بەهاردا، لە ئاوەكەدا خنکان، هەروەها دوو
خوێندكاریش بە گوللە برینداربوون و ٤٩ خوێندكاری كوڕ و كچ و ٥٠ منداڵیش دەستگیرکران.
لە ساڵانی
شەستەكانەوە، ئەم شارە بۆ هەمیشە جێی ئامانجی بۆردومانی فڕۆكە و هێرشە یەك
لەدوایەكەكانی هێزی سەربازیی رژێمی بەعس بووە، هاووڵاتیانی ئەم شارەش بەردەوام لە
ئاوارەیی و دەربەدەریدا بوون، دوای ئەوەی کە رژێمی بەعس بەنیازی راگواستنی شارەکە بوو،
چەند پیاو ماقووڵ و ریش سپی خەڵکی پشدەر، بڕیاریاندا وەكو نوێنەری ئەم دەڤەرە سەردانی
دەسەڵاتدارانی رژێمەکە بكەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە بكەن، بەڵام دەرئەنجام
رژێمی بەعس هەڵیکوتایە سەر هۆتێلەکەیان و یەکێک لەو پیاو ماقوڵانەیان وەک بارمتە برد
و هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نەدرا.
دواجار لە ٢٦ی
حوزەیرانی ١٩٨٩، لە ماوەی شەش رۆژدا، دانیشتوانی پشدەر بە گشتی لە قەڵادزێ و
سەنگەسەر و هێرۆ و ژاراوە راگوێزرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکان لە پیرەمەگرون و
بازیان و باینجانە و تەیناڵ و کۆمەڵگەی دارەتوو و خەبات و کەورگۆسک و جەدیدەزاب و
تۆبزاوە، خانوو و قوتابخانە و شوێنی گشتی و مزگەوتی شارەکەش هەموو تەقێنرانەوە و
شارەکە بە ناوچەی قەدەغە دیاری کرا.
لەدوای راپەڕینی
١٩٩١ـی باشووری کوردستان و ناوچەکە، دووبارە خەڵکی گەڕانەوە بۆ شارەکە و ژیانی
پێشوویان.
شایەنی باسە، لە ساڵی ٢٠١٤دا، توانرا لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بە
بەڵگە و دۆسیەی تایبەت ئەم تاوانە بەکۆمەڵکوژی بسەلمێنرێت.