سەردێڕ:

شەوی رابردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی روویدا؟

AM:08:34:24/06/2025

12556 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ ئێوارە ٢٣ـی حوزەیران، لە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە هێرشێکی موشەکی بەهێزی کردە سەر بنکەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە رۆژئاوای ئاسیا.


دوێنێ ئێوارەی دووشەممە، ئێران هێرشێکی موشەکی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر، هاوکات وەزارەتی بەرگری قەتەر وتی، هێرشەکەی ئێران هیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە و رێگرییان لە موشەکەکە کردووە کە بنکەی ئاسمانی عودەیدی کردووەتە ئامانج.

هەروەها، دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر هەر یەکە لە وڵاتانی عێراق، تورکیا، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئوردن و عوممانیش بڕیاریاندا بە راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان.

هەر یەکە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و میسر و عوممانیش ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و وتیان،" ئەم هێرشانە پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش وتی، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پەرەسەندنە مەترسیدار و خێرایە دەکەن کە لە ناوچەکەدا روودەدات، وتیشی، ئەو هەڵکشانە ئاماژەیە بۆ گرژیی زیاتر و خاڵێكی وەرچەرخانی مەترسیدار و بێ وێنەیە.

بە پێچەوانەی پێشبینییەكانیشەوە و دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە قەتەر نرخی نەوت دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت دابەزی بۆ ٦٩ دۆلار و ٤٥ سەنت و بەراورد بە پێش هێرشەکان نزیکەی پێنج دۆلار لە نرخەکەی دابەزیەوە.

وەزارەتی بەرگری قەتەریش ئاماژەی بەوەکرد، درێژەدان بەو جۆرە هێرشە توندوتیژانە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و مافی خۆیانە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان راستەوخۆ وەڵام بدەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش له‌ یه‌كه‌مین په‌یامیدا له‌دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ له‌ قه‌ته‌ر له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ وتی، هێرشه‌كه‌ی ئێران زۆر لاواز بوو، هیچ ئەمریکییەک زیانیان پێ نەگەیشتووە"، هەروەها هانی هەردوو ئیسرائیل و ئێرانی دا کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.

ترەمپ وتیشی، سوپاسی ئێران دەکات بۆ 'ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە' لە هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی ئەمریکا و هیوای هاوبەشی بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا هەیە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش وتی، ئێران پێش هێرشەکانی سەر بنکەی ئاسمانی عودەیدی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر هەماهەنگی کردووە و پێشوەختە ئاگاداری کردوونەتەوە.

عەلى خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیش لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، "ئێمە دەستدرێژیمان نەکردووەتەسەر کەس و دەستدرێژیی لە کەسیش قبوڵناکەین".

دوای هێرشەکان و درەنگانی شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تروس سۆشیال رایگەیاند، "پیرۆزە لە هەموو لایەک، ئیسرائیل و ئێران، بەتەواوی لەنێوانیاندا رێککەوتن کراوە کە ئاگربەست ئەنجامبدرێت".

وتیشی، "لە شەش کاتژمێری داهاتوودا ئیسرائیل و ئێران بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر لە رووبەڕووبوونەوە دەوەستن".

هـ.ئـ













گەلەری