دوای نزیکەی دوو رۆژ لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بە مووشەک هێرشیکردە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەڕ و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە بنکەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و کوەیت و بەحرەین لێدرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە دەڵێت، هێرشێکی مووشەکی بەهێزی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر- گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا دەستپێکردووە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری قەتەر
رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران هیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە و رێگریمان لە
مووشەکەکە کردووە کە بنکەی ئاسمانی عودەیدی کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، درێژەدان بەو
جۆرە هێرشە توندوتیژانە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و مافی خۆمانە بە پێی
یاسا نێودەوڵەتییەکان راستەوخۆ وەڵام بدەینەوە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش دەڵێت،
ئێران هێرشەکانی سەر بنکەی ئاسمانی عودەیدی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر هەماهەنگی
کردووە و پێشوەختە ئاگاداری کردوونەوە.
قەتەڕ کە
دەوڵەمەندە بە غاز و بە دووری ١٩٠ کیلۆمەتر لە باشووری ئێران دوورە و بنکەی
ئاسمانیی عودەیدی تێدایە کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و
نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی ئەمریکی تێدایە و پێش ئەم هێرشەی ئێران بۆسەر قەتەڕ،
هەموو سەربازەکان گواسترابوونەوە لەو بنکەیە.