ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەنابەرانە و ناوەندی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، چوار ملیۆن پەنابەری عێراقی لە جیهاندا هەن.
فازڵ غەراوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، بەپێی خەمڵاندنەکان چوار ملیۆن پەنابەری عێراقی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندان و بەشێوەیەکی سەرەکیش بەشێکی زۆریان دەکەونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە، هەندێکیشیان دەکەونە وڵاتە عەرەبییەکانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی
٢٠١٥ـەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣، ٧٥٧ هەزار و ٣٢٣ پەنابەری خوار ١٨ ساڵ داوای
پەناهەندەییان پێشکەش بە وڵاتە ئەوروپییەکان کردووە.
بەپێی ئامارێکی
ئەنجومەنی سامی بۆ کاروباری پەنابەران کە ساڵی رابردوو ئەنجامی داوە تایبەت بە
پەنابەرە عێراقییەکان، ١٥ هەزار و ٢١٤ پەنابەر لە سوریان، ٦١ هەزار و ٩٩٣ پەنابەر
لە ئەردەنن، زیاتر لە ١٠ هەزار پەنابەریش لە تورکیان و نزیکەی ١٣٢ هەزار پەنابەریش
وەڵامی داواکاریی پەناهەندەییان نەدراوەتەوە، جگە لەوەش شەش هەزار و ٥٠٠ پەنابەر
لە لوبنانن.
بەدەر لەوانەش غەراوی باسی
لەوەکرد، نزیکەی ٢٦٠ هەزار پەنابەری سوری لە عێراقدان و لە ماوەکانی رابردوودا
بەهۆی جەنگ و رژێمە جیاوازەکانەوە، عێراق پێنج شەپۆلی هاتنی پەنابەرانی بەخۆیەوە
دیوە.
غەراوی داوا لە حکومەتی
عێراق دەکات، ئامرازەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق دابین بکات و
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی چڕتر بکاتەوە لەو پرسەدا، بە پشتبەستن بە بەشداریکردنی
لە کۆنفرانسی پەنابەراندا لە ساڵی ١٩٥١.
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢٠ی مانگی ٦ی هەموو ساڵێکی وەک
رۆژی جیهانی پەنابەران دیاریکردووە، بۆ وەبیرهێنانەوەی وڵاتە جیاوازەکان تایبەت بە
گرنگی پارێزگاریکردن لە پەنابەران، بە ئاماژەدان بەوەی کە نزیکەی ٪٢.٥ی
دانیشتووانی جیهان لە دەرەوەی خاک و وڵاتی خۆیاندا دەژین، کە ٪٣٧ی ئەو رێژەیە
پەنابەرن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوایین رووداوی پەنابەراندا، شەوی ١٦ لەسەر ١٧ـی ئەم مانگە بەلەمێک
لە کەناری لۆکریدی ئیتاڵیا بەدووری ١٢٠ میل بەهۆی شەپۆلەکانی دەریاوە ژێرئاو کەوت
و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٣ کەس خنکان. بەپێی زانیارییەکانیش، لە بەلەمەکەدا ٣٥ کۆچبەری
کوردی تێدابووە، کە ١١ کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون و کەسوکارەکەشیان دەڵێن، سێ
کەسیان رزگاریان بووە و تەرمی دوانیشیان دۆزراونەتەوە. بەپێی دوایین ئامارەکانیش،
تەنها ١١ کەس رزگاربووی رووداوەکەن.
هـ.ئـ