سەردێڕ:

بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەوە

PM:07:50:26/04/2024

3768 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم راگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێێدا هاتووە، ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا دەکەنەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی وەستانی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چاوگێک لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیرا و دوو دەنگی بەهێز لەنێو کێڵگەکەدا بیسترا هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکەدا لێدرا. وتیشی، بەهۆی هێرشەکەوە دوو کەس بریندار بوون.














گەلەری