وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەینێ یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن. وتیشی، "تا ئێستا هەرێم لیستی مووچەی مانگی نیسانی بۆ نەناردوین".
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی گۆڕانکارییەکانی پارەدارکردنی وەزارەتەکان، سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم وەزارەتەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گەیشتنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، راستەوخۆ
پارەی مانگی نیسان بە چەند گوژمەیەک خەرج دەکەن و دەیخەنە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی
دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر، بەڵام تا ئێستا هەرێم لیستی مووچەی مووچەخۆرانی مانگی
نیسانی بۆ رەوانە نەکردوون.
لەو بارەیەشەوە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر بە دیجیتاڵ میدیای
ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم ئامادە کراوە و
دوای تەواوبوونی پارەدارکردنی وەزارەتەکان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هیچ گرفتێک دروست نەبێت ئەوە لەم هەفتەیەدا دەست
بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران دەکرێت و بە گوێرەی لیستەکەش پێویستیان
تەنها بە هەفتەیەک هەیە.