سەردێڕ:

نەوەی نوێ مامۆستایانی وانەبێژیان گەیاندە لای تەیف سامی و بەڵێنی چارەسەری کێشەکانیان درا

PM:12:26:02/05/2024

13692 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری گشتیی وانەبێژانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بۆیان رێک خستبوو، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندووە، هیچ لیستێکی وانەبێژانی هەرێم رەوانەی وەزارەتەکەیان نەکراوە. لەکاتێکدا ماوەی نزیکەی مانگێکە حکومەتی کاربەڕێکەر دەڵێت، لیستی وانەبێژانیان رەوانەی بەغدا کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی رەوف، نوێنەری گشتیی وانەبێژانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ رێکخراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی عێراق بە روونی پێی راگەیاندووە، هیچ لیستێکی ناوی وانەبێژان بۆ وەزارەتەکەیان نەنێردراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تەیف سامی باسی لەوە کردووە، ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی وانەبێژان رەوانەی وەزارەتی دارایی بکات، ئەوا پێویستە یەکەمجار لیستەکە بچێتە پەرلەمانی عێراق و لەوێ خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت.

تەیف سامی ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو وەک وەزیری دارایی هەموو هاوکارییەکی یاسایی پێشکەش دەکات تا بە زووترین کات لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکەن کە لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژیان رەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەتی دەکاتەوە لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی نێردرابێت.













گەلەری