سەردێڕ:

وەزیری تەندروستی: ئەو دەرمانانەی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێن بڕواپێکراو نین

PM:03:50:16/04/2024

836 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، سەرجەم ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەکاندا هەن پشکنینی تەواویان بۆ کراوە و دوای دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ مەترسییەکی نییە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت. دەشڵێت، "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەرمان نەکڕن چونکە مەرجی سەلامەتیان تێدا نییە و بڕواپێکراو نین".


ئەمڕۆ سێشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەمڕۆوە لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی گشتیگری کوتان دژی سورێژە دەستی پێ کردووە. دەشڵێت، هەزار و ٩٤ تیم بەشدار دەبێت لە هەڵمەتەکەدا.

باسی لەوەش کرد، ئەم کوتانە تێکەڵەیەکە لە سێ پێکوتە کە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ نەخۆشی سورێژەیە، هاوکات بۆ نەخۆشی ملەخڕی و سورێژەی ئەڵمانیش کاریگەری هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەی ئەو منداڵانەی کە پێویستە کوتانیان بۆ بکرێت ٨٧٣ هەزار ١٩١ منداڵن کە لە تەمەنی چوار ساڵییەوە واتە لە باخچەی ساوایانەوە دەستپێدەکات تا تەمەنی ١٢ ساڵی واتە قۆناغی شەشی سەرەتایی. دەشڵێت، " هەڵمەتەکە ١٠ رۆژ دەخایەنێت".

باسی لەوەش کرد، زیاتر لە ١٠ هەزار و ٩١٦ سەردان لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەنجام دەدرێت، سێ هەزار و ٩٨١ قوتابخانە بە ئامانج دەگیرێت.

دەشڵێت، "هیوادارین دایکان و باوکان هاوکارمان بن لە هەڵمەتی کوتانەکەدا و پەیڕەوی خشتەی کوتانی منداڵەکانیان بکەن هەر لە لەدایکبوونیانەوە تاوەکو ئەو کاتەی بۆیان دیاریکراوە، لەپێناو پاراستنی منداڵەکانیان لە توشبوون بە سورێژە و نەخۆشی ملەخڕی و سورێژەی ئەڵمانی".

نەخۆشی سورێژە نەخۆشیەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە و هەندێک جار کوشندەیە، ساڵی رابردوو لە هەرێم ٢٣ حاڵەتی نەخۆشیەکە تۆمارکراوە.













گەلەری