سەردێڕ:

ئاڵۆزی و مەترسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێڕەوی گەشتی فڕۆکەکانی گۆڕیوە

PM:10:20:13/04/2024

2396 جار خوێندراوەتەوە

مەترسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە کێشەی بۆ گەشت و هاتوچۆی فڕۆکە و کۆمپانیاکانی هێڵی فڕۆکەوانی دروستکردووە و گەشتەکانیان گواستووەتەوە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان.


بەپێی ماڵپەڕی "فڵایت رادار"ـی سویدی کە تایبەتە بە چاودێریکردنی گەشتی فڕۆکە، لە ئێستادا ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆرترین فڕۆکەی پێدا تێپەردەبێت کە لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاواوە و بۆ وڵاتانی عەرەبى و ناوچەى کەنداو و رۆژهەڵاتی ئاسیا گەشت دەکەن، ئەوەش بەهۆی سەلامەتى ئاسمانی عێراق و هەرێم بۆ گەشتکردن.

بەهۆی شەڕى کەرتى غەززە و ئاڵۆزییەکانى نێوان گروپە چەکدارەکانی لوبنان و سوپاى ئیسرائیل لەلایەک، هێرش و ناکۆکییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران لە سوریا لە لایەکى دیکە، مەترسى بۆسەر ئاسایش و سەلامەتى ناوچەکە دروستبووە، لەئێستادا بەهۆى هەڕەشەکانى ئێران بۆسەر ئیسرائیل و شەڕى کەرتى غەززە، ئاسمانى وڵاتانى وەکو ئێران و سوریا و لوبنان بوونەتە ناوچەى مەترسیدار و فڕۆکەکان ناوێرن بەسەریاندا بفڕن.

لەوبارەیەوە هێڵی ئاسمانی قانتاسی ئوسترالیا رایگەیاند، بۆ ماوەیەکی کاتیی رێڕەوەی گەشتی فڕۆکەکانى نێوان پێرس و لەندەنیان لە ئاسمانى ئێرانەوە گۆڕیوە بۆ سەنگافورە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونى ئەگەری هێرشی تاران بۆسەر تەلئەبیب.

لاى خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هۆشداریش دەدات بە تاران ئەو کارە نەکات.

لە نوێترین پێشهاتیشدا میدیاکانى ئێران بڵاویان کردەوە، تیمێکى سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانی بەریتانیادا گرتووە لە گەرووی هورمز بە دوورى ٥٠ میل لە رۆژهەڵاتى شارى فوجەیرەى ئیمارات.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، کەشتییەکە ئاڵای پورتوگالی لەسەر بووە و ناوی "ئێم ئێس سی ئێیەرز"ـە و سەر بە کۆمپانیای زۆدیاکە کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارێکی ئیسرائیلی.

هاوکات، بەرپرسێک لە سوپاى پاسداران رایگەیاندووە، دەستبەسەراگرتنى کەشتییەکە تۆڵەى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە دیمەشق نییە، بەڵکو تەنها ئاگادار کردنەوەیەکە بۆ ئەمریکا لەبارەى جوڵەکانیان لە دژى تاران، هۆشداریشیداوە لەبارەى داخستنى گەرووى هورمز بە رووى جموجوڵى بازرگانى کەشتییەکاندا.













گەلەری