سەردێڕ:

ئیسرائیل: دەتوانین بڕیار لە داهاتووی غەززە بدەین

PM:04:39:08/04/2024

1812 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئێستادا حەماس لە غەززە توانایەکی زۆری نەماوە و وڵاتەکەی دەتوانێت لەبارەی داهاتووی غەززەوە بڕیار بدات.


ئەمڕۆ دووشەممە، یواف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، فشارە بەردەوامەکان بۆ سەر حەماس وای لە وڵاتەکە کردووە بتوانێت لە غەززە ئامانجەکانی بهێنێتە دی.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئیسرائیل لە قۆناغێکی گونجاودایە بۆ ئەوەی بڕیاری دروست لەبارەی بارمتەکانی ژێردەستی حەماسەوە بدات. دەشڵێت، "حەماس ناتوانێت لە غەززە رێگەمان لێ بگرێت".

رۆژی رابردوو، سوپای ئیسرائیل کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە باشووری کەرتی غەززە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بە هێزێکی زۆرەوە لە ناوچە گەمارۆدراوەکانی فەڵەستین بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

هاوکات، هەریەکە لە سەرۆکی مۆساد و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل شین بێت بەڕێ کەوتوون بەرەو قاهیرە بۆ بەشداری کردن لە دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە و لای خۆشیەوە، بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، بە سەرۆکایەتی خەلیل حەیە بەشداری لە دانوستانی ئاگربەست دەکەن و چوار مەرجیان هەیە ئەوانیش، پێکهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، هەروەها کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە و رێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.













گەلەری