سەردێڕ:

نوێترین پێشهاتەکانی ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە

PM:04:58:07/04/2024

1832 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەربازی ئیسرائیل بڕیاریدا، دەسەڵاتەکانی ئەو شاندە فراوانتر بکات، کە بەشداری لە دوایین خولی دانوستانەکانی قاهیرەدا دەکات. حەماسیش چوار مەرجی بۆ ئاگربەست خستووەتە روو.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، شاندێکی وڵاتەکەی رەزامەندی پێدراوە بەشداری لە دانوستانەکانی پێکهێنانی ئاگربەست بکات.

هاوکات، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەریەکە لە سەرۆکی مۆساد و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل شین بێت بەڕێ دەکەون بەرەو قاهیرە بۆ بەشداری کردن لە دانوستانەکانی ئاگربەست.

لای خۆشیەوە، بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، بە سەرۆکایەتی خەلیل حەیە بەشداری لە دانوستانی ئاگربەست دەکەن و چوار مەرجیان هەیە ئەوانیش، پێکهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، هەروەها کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە و رێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە "بێ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە ئاگربەست ناکرێت".

ساڵی رابردوو دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی مانگی ١١ ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە، لەو کاتەشەوە، هیچ ئاگربەستێکی دیکە لەو شارە نەکراوە و بە زەحمەت هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە هاوڵاتیانی غەززە.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.














گەلەری