سەردێڕ:

گروپە چەکدارەکانی یەمەن کەشتییەکی بازرگانییان کردە ئامانج

PM:11:31:06/04/2024

1324 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەمبری بەریتانی رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە کەشتییەکی بازرگانی بە دوو مووشەک لە باشووری رۆژئاوای حودەیدەوە کراوەتە ئامانج. دەشڵێت، " یەکێک لە مووشەکەکان تێکشکێنرا، ئەوی دیکەشیان کەوتە ناو ئاوەکە و ئامانجەکەی نەپێکا".


ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای ئەمبری بەریتانی رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە کە لە نزیکەی ٦١ میل لە دووری باشووری رۆژئاوای حودەیدە لە یەمەن، کەشتییەک لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە لەڕێگەی دوو مووشەکەوە بەئامانج گیراوە.

لای خۆیەوە، عەبدول مەلیک بەدرەدین سەرۆکی گروپە چەکدارەکانی یەمەن باسی لەوە کرد، لە ماوەی سێ مانگدا لە ئەنجامی ٤٢٤ هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و بەریتانیاوە، ٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، گروپە چەکدارەکانی یەمەن لە مانگی تشرینی دووەمەوە ٩٠ کەشتییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا کردووەتە ئامانج.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە، هێزە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی دەریای سوور.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیش، لە ماوەی رابردوودا رێکخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێژەی بازرگانیکردن لە نۆکەندی سوێس ٤٢٪ کەمبووەتەوە بەهۆی هێرشی بەردەوامی ‌هێزەچەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە.













گەلەری