سەردێڕ:

تەندروستی فەڵەستین: ژمارەی گیانلەدەستدان ٣٣ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:06:17:06/04/2024

656 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بۆ ٣٣ هەزار و ١٣٧ کەس بەرز بووەتەوە. دەشلێت، " زیاتر لە ٧٥ هەزار کەسیش بریندار بوون".


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بلاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سوپای ئیسرائیل چوار هێرشی نوێی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و بەهۆیەوە ٤٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦٥ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی دوایین ئامارەکان، بەهۆی بەردەوامی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، تا ئێستا لە کەرتی غەززە ٣٣ هەزار و ١٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٥ هەزار و ٨١٥ کەسیش بریندار بوون.

باس لەوەش کراوە، هێشتا تەرمی ژمارەیەک لە قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون، بەهۆی بەردەوامی جەنگەوە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی ناتوانن تەرمی ئەو کەسانە دەربهێنن.

پێشتر، ئیسرائیل رایگەیاند، ١٣ هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە و هەزار و ١٣٩ ئیسرائیلیش لە جەنگەکەدا کوژراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٧ــی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە، لە هەوڵێکی نوێشدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەر لە هاتنی جەژنی رەمەزان، گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین ئاشکرایان کرد، حکومەتی میسر پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە.













گەلەری