سەردێڕ:

دوای نزیکەی شەش مانگ لە جەنگی غەززە؛ نوێترین پێشهاتەکان چین؟

PM:01:39:04/04/2024

1112 جار خوێندراوەتەوە

لە حەوتی ١٠ـی ساڵی رابردووەوە جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە غەززە دەستی پێکردووە و بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکان ٣٣ هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە ٤٠٪ـیان منداڵ بوون، ٧٥ هەزار کەسیش بریندار بوون. هەزار و ١٣٩ ئیسرائیلیش کوژراون.


پاش سێ رۆژی دیکە، شەش مانگ بەسەر جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا تێپەڕ دەبێت و غەززەش نێوەندی جەنگەیە و لە نیوەی باشوری غەززە جەنگەکە لە چڕبوونەوەدایە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون.

لەبارەی ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداربوونەوە تەندروستی غەززە گیان لەدەستدانی ٣٣ هەزار کەس و برینداربوونی ٧٥ هەزار کەسی راگەیاند و دەشڵێت، "هاوکاری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ناگەن بە هاوڵاتیان".

هاوکات، ئیسرائیلیش رایگەیاند، ١٣ هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە و هەزار و ١٣٩ ئیسرائیلیش لە جەنگەکەدا کوژراون.

هەر لە سەرەتای جەنگەکەشەوە، ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە رێگری لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە بکات و رێکخراوەکانی هاوکاریی مرۆیش هۆشداریی لە گەیشتنی هاوکارییەکان بە غەززە دەدەن و دەڵێن، رۆژانە تەنها ٥٠٠ بارهەڵگر هاوکاری دەچێتە نێو کەرتی غەززە کە بەشی هاوڵاتیان نێو غەززە ناکات چونکە نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی تێدا دەژی.

هاوکات، بەپێی پۆلێندبەندی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک، لە سێ قۆناغی برسێتی غەززە دوانیانی تێپەڕاندووە و هۆشداریش دەدات کە تا مانگی ئایار برسێتی لە کەرتەکە بڵاودەبێتەوە.

لەگەڵ، بەردەوامی جەنگیشدا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بەرەو خراپبوون دەچن و لە ماوەی رابردوودا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات بەڵام لە دوای هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ چوونە نیو کەمپی ئاوارەکانی رەفەح بایدن داوای لە سەرجەم بەرپرسەکانی حکومەتەکەی کردووە فشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و رێگەدان بە تێپەڕبوونی هاوکارییەکان.

واشنتۆن دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە ئیسرائیل و فەڵەستین رێککەوتنی ئاشتی بکەن و پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا ئاسایی ببێتەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستین دروست بکرێت، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین رەتدەکاتەوە."













گەلەری