سەردێڕ:

پۆستی سەرۆک شارەوانی وان درایەوە بە کاندیدەکەی دەم پارتی

PM:09:08:03/04/2024

1832 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دادگای تورکیا بڕیاری دا بە دورخستنەوەی عەبدوڵا زێدان كاندیدی سەركەوتووی دەم پارتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک شارەوانی وان، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، عەبدوڵا زێدان کاندیدی سەرکەوتووی دەم پارتی دەبێتە سەرۆک شارەوانی وان.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای فشار و ناڕەزایی كوردان لە وان و بەشێک لەشارەكانی باكووری کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری دا بە گەڕانەوەی عەبدوڵا زێدان كاندیدی سەركەوتووی دەم پارتی بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی وان.

بەپێی بڕیارەکە، عەبدوڵا زێدان كاندیدی سەركەوتووی دەم پارتی دەبێت بە سەرۆکی شارەوانی وان دوای ئەوەی بەهۆی کێشەیەکی یاساییەوە دورخرایەوە لە وەرگرتنی ئەو پۆستە.

عەبدوڵا زێدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە پارێزگای وان ٥٥.٤٨٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام لە بەرامبەردا لەلایەن دادگای تورکیاوە پۆستی سەرۆک شارەوانی وان درا بە عەبدولئاهات ئارڤاس، کاندیدی ئاکپارتی کە ٢٧.١٥٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

رۆژی ٢ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان بەڕێوەچوو و بەپێی ئەنجامەکان، لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر ئۆپۆزسیۆن بە رێژەی ١٠٪ بۆ ٣٠٪ لەپێش دەسەڵاتەوە بوو و لە ئامەد و وان و ماردین و دێرسیم و نۆ شاری گەورەی باکوری کوردستانیش پارتی ئازادی و دیموکراسی گەلان ناسراو بە دەم پارتی یەکەم بوو.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکوری کوردستان پێنج ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت و گۆڕانکاری لە سەرۆکی شارەوانیەکانی شار و شارۆچکە و ناوچە و ناحیەکانی وڵاتەکەدا دەکرێت.













گەلەری