سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: جۆری وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دیاری دەکەین کە کراوەتە سەرمان

AM:09:31:02/04/2024

1788 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دیمەشق دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل. وتیشی، رێگای وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە دیاری دەکەن کە بەهۆیەوە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کوژراوە.


ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، هێرشی سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە سوریا پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

باسی لەوەشکرد، تاران جۆری وەڵامدانەوە و سزای تایبەت بەو هێرشە دیاری دەکات کە کرایە سەریان و بەهۆیەوە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی سوپای پاسداران کوژرا.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وەزیری دەرەوەی سوریای وتووە، تاران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دیمەشق دەخاتە ئەستۆی ئیسرائیل و گومانی تێدانیە کە ئەوان بەرپرسیارن.

دوێنێ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی بینای کونسوڵخانە و ماڵی باڵوێزی ئێرانیان لە تەنیشت باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

لەو بارەیەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، محەممەد رەزا زاهدی ناسراو بە ئەبو مەهدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراوە.













گەلەری