سەردێڕ:

لە میسر و قەتەر؛ گفتوگۆکان بۆ ئاگربەست لە غەززە بەردەوامن

AM:09:38:22/03/2024

800 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بەرەو قەتەر دەچێت بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکانی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە میسرەوە دەڵێت،" پێویستە لە زووترین کاتدا ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندریت".


ئەمڕۆ هەینی، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، وابڕیارە دەیڤد برنیاغ بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەر گەشت بکات بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە دانوستداندنەکانی تایبەت بەراگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بەو رەشنووسەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خستییە روو تایبەت بە وەستاندنی جەنگی نیوان ئیسرائیل و فەڵەستین.

هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شەشەم سەردانیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تایبەت بە پرسی غەززە لە میسر رایگەیاند، پێویستە بەزووترین کات ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندرێت هەردوو وڵات ئەسیرەکانیان لەگەڵ یەکتری ئەسیرەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دانووستاندنەکانی دەوحە ئەنجامی باشی هەبێت و ئاگربەست رابگەیەندرێت.

وتیشی، "لە ئێستادا دانیشتوانی غەززە بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن و منداڵانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە باروودۆخێکی خراپی ژیانکردندان، پێویستە رێگری لەوە بکەین".

هەر ئەمڕۆ لەسەر هەمان پرس وا بڕیارە، بلینکن سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ تاوتوێ کردنی راگرتنی جەنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا.

ئەم سەردانەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەشەم سەردانی دادەنرێت لە دوای ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تایبەت بە غەززە.

میدیا جیهانییەکانیش وایلێکدەدەنەوە سەردانەکەی بلینلن بۆ ئیسرائیل و سەردانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بۆ قەتەر ئەنجامی باشیان هەبێت و ببنە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست.

هەرچی دەربارەی ئاگربەستە، ساڵی رابردوو دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی مانگی ١١ ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیسرائیل سێ دیلی فەڵەستینی رزگار بکات، لەو کاتەشەوە سەرەڕای هەوڵەکانم هیچ ئاگربەستێک رانەگەیەندراوە.













گەلەری