سەردێڕ:

ناتانیاهۆ پلانێکی سەربازی بۆ داگیرکردنی رەفح پەسەند دەکات

PM:06:59:15/03/2024

1800 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی مانگی رابردوو سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد پلانێک بۆ داگیرکردنی رەفح دابڕێژن، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پلانێکی سەربازی بۆ داگیرکردنی رەفح پەسەند کرد.


ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، پلانێکی سەربازی بۆ هێرش کردنە سەر رەفح پەسەند کردووە.

هاوکات، رۆژی رابردوو ناتانیاهۆ رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی فشارەکان و دەچنە نێو خاکی رەفحەوە و تەواوی گروپە چەکدارەکانی حەماس لەناو دەبەن.

لەلایەکی دیکەوە، چەندین بەرپرسی باڵای ئیسڕائیل باسیان لەوە کرد، ئامادەکارییان کردووە بۆ داگیرکردنی رەفح و لەناوبردنی چەکدارانی حەماس لە ناوچەکە.

مانگی رابردوو، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپا کردووە پلانێک دابڕێژن بۆ چۆڵکردنی رەفح و لەناوبردنی چەکدارانی حەماس لەو ناوچەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئیستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستین لە ناوچەی رەفحدا دەژین و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتانی جیهان هۆشداری ئەوە دەدەن، هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی رەفح لەلایەن ئیسڕائیلەوە کارەساتی گەورە دەخولقێنێت.

لە ٧ــی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە، لە ئێستاشدا بەهۆی مانگی رەمەزانەوە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر بوونەتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.













گەلەری