سەردێڕ:

ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی ناوچەیەکی یەمەنیان بۆردومان کرد

PM:11:49:04/03/2024

1276 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە سێ جار ناوچەی یەسنەم لە باکوری یەمەن بۆردومان کراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە ناوچەیەک لە باکوری یەمەن کراوەتە ئامانج.

ئاماژە بەوەش کراوە، ناوچەی یەسنەم لە سنووری پارێزگای سەعدە کە دەکەوێتە باکوری یەمەن سێ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە بۆردومان کراوە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەنجامی هێرشەکان تاوەکو ئێستا دیار نین و ئەمریکا و بەریتانیاش هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ گروپە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، کەشتییەکی جەنگی ئەمریکا و کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیلیان لە دەریای سوردا کردووەتە ئامانج.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە گروپە چەکدارەکانی یەمەن زیاتر لە ٤٥ هێرشیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا.













گەلەری