سەردێڕ:

بۆ یەکەمین جار کەشتییەک بەهۆی هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە ژێرئاو کەوت

PM:10:32:02/03/2024

3284 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی یەمەن رایگەیاند، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بەئامانج گرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانیا لەلایەن گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە لە کەنداوی عەدەن، ئەمڕۆ کەشتییەکە بەتەواوی ژێرئاو کەوت.


ئەمڕۆ شەممە، حکومەتی یەمەن رایگەیاند، لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی دەریای سور، کەشتی بارهەڵگری "رۆبیمار"ـی بەریتانی لە کەنداوی عەدەن ژێر ئاو کەوت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کەشتییەکە مانگی رابردوو لەلایەن گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە کرابووە ئامانج و بەهۆی ئەو زیانانەی بەریکەوت دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بۆردوومانکردنی ژێرئاو کەوت.

ئەوەشی خستە روو، مێژووی دروستکردنی ئەو کەشتییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٧ هاوکات لە ساڵی ٢٠٢٢ شدا گواستنەوەی دانەوێڵەی پێ ئەنجام دراوە لە دەریای رەشدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە گروپە چەکدارەکانی یەمەن زیاتر لە ٤٥ هێرشیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا.













گەلەری