سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان:زیادبوونی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە

AM:08:32:01/03/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کوشتارەکانی ئەم دواییەی کەرتی غەززە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جدی هەیە. دەشڵێت،" چەند بڕیارێکی هەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە هۆی ئەوەی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە شکست بهێنێت".


ئەمڕۆ هەینی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەرزبوونەوەی رێژەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەزە پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، چونکە تەنها چەند رۆژی رابردوو زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە بە هۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە هیچ مەترسییەکیان نەبوو بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئیسرائیل، بەڵکوو تەنها هەوڵی ئەوەیان دەدا دەستیان بگات بە هاوکارییە مرۆییەکان.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە دانیشتنەکانی ئەم دوایانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا چەند بڕیارێکی نا دروست لەلایەن وڵاتانەوە بووە هۆی ئەوەی کە شکست بهێنن لە بڕیاردانی ئاگربەست.

دەشڵێت،" ئەوە شتێکی شۆکهێنەرە کە ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە کەرتی غەززە ئاماری گیان لەدەستدان بۆ ٣٠ هەزار و ٣٥ کەس بەرز بووەتەوە و ٧٠ هەزار و ٤٥٧ کەسی دیکەش بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بریندار بوون.













گەلەری