سەردێڕ:

حەماس: وەڵامی وڵاتانی نێوەندگیرمان داوەتەوە و رازین بە دانوستان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست

AM:08:43:27/02/2024

1676 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماس رازی بووە بۆ دانوستان لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان.


ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماس وەڵامی هەوڵەکانی وڵاتانی نێوەندگیری داوەتەوە و رازی بوون بە دانوستانەکانی ئاگربەست.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەوان رازی نین بەو دۆخە، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی دواخستنی دانوستان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست دەدرێت.

هاوکات، رۆژی ٢٦ـی ئەم مانگە لە دانوستانەکانی نێوان شاندێکی ئیسرائیل و شاندێکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بە ئەمادەبوونی قەتەڕ و میسر و ئەمریکا باس لە رێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و رێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان کرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٣ـی شوبات شاندێکی ئیسڕائیل بە سەرۆکایەتی دەیڤد بارنیا سەرۆکی مۆساد لە پاریس لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەڕ و شاندێکی ئەمریکا و میسر کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە.

دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی ١١ـی ساڵی رابردوو ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیسرائیل سێ دیلی فەڵەستینی رزگار بکات.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەردەوامە ، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.













گەلەری