سەردێڕ:

بەهۆی گرژییەکانی دەریای سورەوە کێشە بۆ کێبڵەکانی ئینتەرنێت دروست بووە

PM:05:40:26/02/2024

1580 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای نێودەوڵەتی پەیوەندییەکان رایگەیاند، بەشێک لە کێبڵی ئینتەرنێت کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت بەشێوەیەکی گشتی وەستاوە لە کارکردن. دەشڵێت، "گومان دەکەین هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن هۆکاری لە کارکەوتنەکەی بن."


ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای نێودەوڵەتی پەیوەندییەکان "سیکۆم"، لە دەریای سووردا لە بەشێک لە کێبڵەکانی گواستنەوەی هێڵی ئینتەرنێتی کۆمپانیاکەیان بەشێوەیەکی گشی وەستاوە لە کارکردن ئەمەش کاریگەری لەسەر گواستنەوەی زانیارییەکانی نێوان ئەفریقا و ئەوروپا دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، گومان دەکەن هێزەچەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن ئەو کێبڵەیان لەکارخستبێت، چونکە لەو ناوچەیەدا وەستاوە لە کارکردن کە ئەو هێزە چەکدارانەی تێدا چالاکن.

دەشڵێت، "هەرچەندە تا ئێستا نەمانتوانیوە هۆکاری پچڕانی کێبڵەکە پشتڕاست بکەینەوە، بەڵام گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە وایکردووە چاککردنەوەی کێبڵەکە ببێتە تا رادەیەک قورس بێت بۆمان".

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن دەستیانکرد بە چالاکییەکانیان لە دەریای سووردا بە چەندین شێوەی جیاواز، وەک هێرشی موشەکی و درۆنی و دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە بازرگانییەکان.

بەڵام نوێترین هەڕەشەی ئەو هێزە چەکدارانە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوە بوو، کە دەستدەکەن بە پچڕاندنی ئەو کێبڵانەی بوونەتە هۆی گواستنەوەی هێڵی ئینتەرنێت لە دەریای سوردا.













گەلەری