سەردێڕ:

بەرپرسێکی کۆشکی سپی: لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئاگربەست لە فەڵەستین

PM:10:04:25/02/2024

1180 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، لێکتێگەشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا رابگەیەنرێت و هەردوولا بارمتەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ پێبکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، نوێنەرانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی میسر و قەتەر لە پاریس کۆبوونەوە و گەیشتنە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاگربەستی کاتیی جەنگەکە و ئاڵوگۆڕپێکردنی بارمتەکان لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ئاگربەست لە فەڵەستین رابگەیەنن.

هاوکات نوێنەرانی میسر لە دەوحە رایانگەیاند، دانوستانەکان سەبارەت بە ئاگربەست لە دەوحە لە نێوان چوار وڵاتەکەدا دەستیپێکردەوە، جگە لە نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس.

دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی ١١ـی ساڵی رابردوو ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیسرائیل سێ دیلی فەڵەستینی رزگار بکات.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەردەوامە ، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.













گەلەری