سەردێڕ:

بەهۆی کەشتیەکی فەرەنساوە؛ ئەمریکا و بەریتانیا ١٨ هێرشی مووشەکیان کردە سەر یەمەن

AM:09:06:25/02/2024

5112 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە کەشتیەکی فەرەنسا کرایە ئامانج، بە هەماهەنگی بەریتانیا، چەند هێرشێکی موشەکیان کردووەتە سەر پێگەی گروپە چەکدارەکان. دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوەکانمان".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی باڵای هێزی دەریایی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، کاتژمێر ٤:١٠ خولەکی بەیانی بە هەماهەنگی کەشتیە جەنگیەکانی بەریتانیا ١٨ پێگەی گروپە چەکدارەکان کە موشەکی تێدا هەڵگیرابوو کراونەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێگانەی کە کراونەتە ئامانج ٨ موشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رادار و هەلیکۆپەترێکی تێدا هەڵگیراوە، ئامادەکارییان کردبوو بۆ ئەوەی هێرشی موشەکی بکەنە سەر چەند کەشتیەکی بازرگانی ئەمریکا و بەریتانیا کە بە کەناڵە ئاوییەکەدا تێپەڕ دەبن.

باسی لەوەش کرد، رۆژی رابردوو بۆ جاری چوارەم هێرش کراوەتە سەر کەشتیەکانی فەرەنسا بەڵام بەهۆی سیستمی بەرگری هێزەکانی فەرەنساوە موشەکەکان تەقێندراونەتەوە پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن. دەشڵێت، "بەردەوامدەبین لە وەڵامدانەوەی گروپە چەکدارەکان و بەئامانجگرتنی پێگەکانیان تا ئەوکاتەی لە هێرشەکانیان دەوەستن".

 پێشتر رێکخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێژەی بازرگانیکردن لە نۆکەندی سوێس ٤٢٪ کەمبووەتەوە بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە.

بە گشتی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور دەستیپێکرد و تا دەهات هێرشەکان زیاتر دەبوون، بەو هۆیەشەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ١٢ی مانگی کانونی دووەم هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکی تایبەت بە گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان بۆردومانکرد، وەک بەرپەچدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە دەکرایە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور.













گەلەری