سەردێڕ:

گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا بە مووشەک کرایە ئامانج

PM:11:52:24/02/2024

3332 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا لە رێگەی مووشەکەوە کراوەتە ئامانج و هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانەوە ئاشکرا نەکراوە.


ئەمڕۆ شەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، گەورەترین بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە مووشەک کراوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشە مووشەکییە لەکاتێکدا بوو کە هێزەکانی ئەمریکا لەنێو ئەو بنکەیەدا سەرقاڵی ئەنجامدانی راهێنانی سەربازی بوون، هەروەها هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانەوە ئاشکرا نەکراون.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتییەکی سەربازی ئەمریکا مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی تێکشکاندووە، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی کەشتییەکی سوتەمەنی کرا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ١٢٠ جار لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا کراونەتە ئامانج.













گەلەری