سەردێڕ:

لە یەک رۆژدا؛ ئەمریکا و بەریتانیا پێنج هێرشیان بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجامداوە

PM:11:44:23/02/2024

1256 جار خوێندراوەتەوە

گروپە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، تەنها لە ئەمڕۆدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە دوو هێرش بۆ سەر ناوچەی دورەیهیمی و سێ هێرشی دیکە بۆ سەر ناوچەی سەلیف لە پارێزگای حودەیدە ئەنجامدراوە.


ئەمڕۆ هەینی، گروپە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە بە دوو جار ناوچەی دورەیهیمی لە پارێزگای حودەیدە کراوەتە ئامانج.

هەر ئەمڕۆ میدیاکانی سەر بە گروپە چەکدارەکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، سێ هێرش بۆ سەر ناوچەی سەلیف لە پارێزگای حودەیدە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە ئەنجامدراوە.

هاوکات، ئێوارەی رۆژی رابردوو ٢٢ـی شوبات، وتەبێژی گروپە چەکدارەکانی یەمەن باسی لەوە کرد، کەشتییەکی بەریتانیایان لە کەنداوی عەدەندا بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.

لای خۆشیەوە، هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا رایانگەیاند، هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارەکانی یەمەن، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە دەکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و ناوچەکانی دیکە لە دەریای سوردا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، گروپە چەکدارەکانی یەمەن بەبۆنەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل و وەکو پاڵپشتی کردنی حەماس، لە نزیکی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە هێرشییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا دەست پێ کردووە.













گەلەری