سەردێڕ:

پاش ١٤٠ رۆژ لە بەردەوامی جەنگ؛ ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە گەیشتووەتە چەند؟

PM:08:52:23/02/2024

1208 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٠٤ کەس بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ ٢٩ هەزار و ٥١٤ کەس لە ناوچەکەدا بەرزبووەوە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل پێی ناوەتە ١٤٠ رۆژ بەردەوامی و لەدوایین هێرشی ئیرسائیل بۆ سەر ناوچەکە ١٠٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦٠ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی دوایین ئامار لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشيکان بۆ سەر ناوچەکە ٢٩ هەزار و ٥١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٩ هەزار و ٦١٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

باس لەوەش کراوە، هێشتا بەشێک لەوانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە لە ژێر داروپەردووە رووخاوەکاندا یان لە کەناری رێگاوبانەکاندا ماونەتەوە کە بەهۆی رێگرییەکانی ئیسرائیلەوە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن دەستیان پێیان بگات.

رۆژی ٢١ـی مانگی شوبات ئەمیر فەیسەڵ وەزیری درەوەی سعودیە رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا و لەنێویاندا ئەمریکا، ئامادەی گفتۆگۆکردنن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین لەپێناو سەقامگیربوونی دۆخی غەززە و کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە دووبارە لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا جەنگ هەڵبگیرسێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە هەردوو گیان لەدەستبدەن و بریندار ببن.













گەلەری