سەردێڕ:

ئەمریکا پێنج ناوچەی سەر بە گروپە چەکدارەکانی یەمەنی کردە ئامانج

PM:09:18:18/02/2024

1284 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج هێرشی نوێیان بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەر بە گروپە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجام داوە کە هۆکار بوونە بۆ دروستبوونی مەترسی لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لەنێوان کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بۆ هەشتی شەو بەکاتی سەنعای پایتەختی یەمەن، پێنج هێرشیان بۆ سەر ژێردەریاییەک و دوو بەلەم و سێ مووشەکی کروزەر لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژی ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە کە دەکاتە سەرەتای دەستپێکی هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوردا، بۆ یەکەمین جارە گروپە چەکدارەکانی یەمەن ژێردەریایی بێ سەرنشین بەکاربهێنن.

ئەوەشی خستە روو، ئەو ئامانجانەی بۆردومانیان کردوون هۆکار بوونە بۆ مەترسییەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و ناوچەکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی رابردوو گروپە چەکدارەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری بەریتانیا راگەیاند کە لە دەریای سوردا کردبوویانە ئامانج.

گروپە چەکدارەکانی یەمەن لە نزیکی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە هێرشییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا دەست پێ کردووە.













گەلەری