سەردێڕ:

مەرجی نوێی بزووتنەوەی حەماس بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل

PM:10:50:15/02/2024

3568 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە مەرج ئامادەن بۆ ئەوەی بگەنە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیلدا.دەشڵێت، " راگرتنی هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە مەرجی سەرەکیمانە بۆ دانوستان".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەر رێکەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیلدا بکرێت پێویستە گرنتی ئەوە بدات کە ئیسرائیل هێزەکانی لە کەرتی غەززە بکشێنێتەوە و ئەو ناوچانە چۆڵبکات کە هێزەکانیانی تێدایە.

ئەوەشی خستووەتە روو، جگە لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل راگرتنی شەڕ و گرێبەستێکی جدی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوانیان مەرجی سەرەکیانە بۆ ئەوەی بگەنە دانوستان.

هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و چەند هاوبەشێکی عەرەبی پلانێکی ورد ئامادە دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان کە "خشتەی کاتی دیاریکراو" بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستبکەن بە کارەکانیان بۆ ئەوەی خشتەکە رابگەیەنن.

واشنتۆن پۆست وتیشی،" تا ئێستا روون نییە کە ئیسرائیل بەوە رازی دەبێت یاخوود نا".

لە بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزوتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵگیرسایەوە، تا ئێستا هەزاران کەس کوژراون و بریندار بوون لە هەردوولا.













گەلەری