سەردێڕ:

دوای ١٢ ساڵ؛ ئەردۆغان سەردانی قاهیرەی کرد

PM:06:03:14/02/2024

1768 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتە میسر و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لەلایەن سەرۆکی میسرەوە پێشوازی لێکرا. سەرۆکایەتی میسریش دەڵێت" ئەم سەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیا دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی ببێتەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەسەردانێک گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن عەبدولفەتاح سیسییەوە لە رێورەسمێکی تایبەتدا پێشوازی لێکرا.

هاوکات، سەرۆکایەتی میسر بڵاویکردەوە، ئەردۆغان و سیسی لە دانیشتنێکی تایبەتدا تاوتوێی ئاسایی بوونەوە و پەرەپێدانی پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.

دەشڵێت، "باروودۆخی غەزە و بەردەوامی پێدانی هاوکارییەکان بە هاوڵاتیانی فەڵەستین یەکێکی دیکە بووە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان".

لای خۆشیەوە، وەزارەتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ئەو دانوستانانەی کە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسردا ئەنجامدرا، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی دووبارە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەبستێنێت و ئاسایی ببێتەوە.

ئەم سەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ میسر دوای ١٢ ساڵە ،دوایین سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ میسر، سەردانەکەی عەبدوڵا گول بوو سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا لە شوباتی ٢٠١٣دا سەردانی میسری کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی میسر چاویان بەیەکتری کەوت.

هەروەها دواین سەردانی ئەردۆغان بۆ قاهیرە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٢ بوو، کە ئەوکات سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو.

لە ساڵی ٢٠١٣ کودەتا دژی "ئیخواس موسلیمین" لە میسر ئەنجامدرا و بەهۆیەوە محەممەد مورسی لەپۆستی سەرۆککۆماری میسر لابرا دوای ئەوە بەچەند هۆکارێکی جیاواز پەیوەندییەکانی نێوان میسر و تورکا گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت و بەتەواوی پەیوەندییەکانیان پچڕا.

لەو سەرووبەندەدا حکومەتی میسر رایگەیاند، تورکیا دەست لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی وەردەدات و رێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان ناگرێت و تورکیاش لە وەڵامدا رایگەیاند، ئەوەی کە لە تورکیا روودەدات کودەتایە.













گەلەری