سەردێڕ:

تەندروستی فەڵەستین: لە سەرەتای جەنگەوە نزیکەی ٢٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

PM:11:24:08/02/2024

860 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بەپێی دواین ئامارەکان نزیکەی ٢٨ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ٦٧ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا و لە ١٥ هێرشی جیادا نزیکەی ١٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی دواین ئامارەکان بە کۆی گشتی ٢٧ هەزار و ٨٤٠ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لە دەستداوە و ٦٧ هەزار و ٣١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات بەپێی دواین ئامارەکانیش لە ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی بزوتنەوەی حەماسەوە گیانیان لە دەستداوە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەوە دوای ساڵانێک جارێکی دیکە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین سەریهەڵدایەوە، بەو هۆیەشەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.













گەلەری