سەردێڕ:

ئەمریکا بەردەوامە لە هێرشەکانی و شەوی رابردوو ٣٦ پێگەی گروپە چەکدارەکانی کردە ئامانج

AM:08:50:04/02/2024

4704 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا بۆردوومانی زیاتر لە ٣٦ پێگەی گروپەچەکدارەکان کراوە لە خاکی یەمەن. کە ئەمە دووەم هێرشە لەدوای هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سوریا و عێراق.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانی بەریتانیا ٣٦ پێگەی گروپەچەکدارەکانی یەمەن بۆردوومان کراون، کە ١٨ پێگەیان گرنگترین پێگەی گروپەچەکدارەکان بوون.

دەشڵێت، ئەوە پەیامێکە ئاڕاستەیان کراوە بەوەی گەر نەوەستن لە هێرشەکانیان وەڵامی توندتریان دەبێت. دەشڵێت، "هێرشەکان درێژەیان دەبێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێگانەی کە بۆردوومان کراون بارەگای سەربازیبوون لە ژێرزەویدا کە چەندین جۆر لە موشەک و چەکی جیاوازیان تێدا هەڵگیراوە. وتیشی، "ئەم هێرشانەمان پەیامێکبووە و ئاراستەی گروپەچەکدارەکانی یەمەن کراوە کە ئەگەر نەوەستن لە هێرشەکانیان لە درێژەدان بە بۆردوومانەکانمان وەڵامی توندترمان دەبێت ."

لەلایەکی تریشەوە کۆشکی سپی بە ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی راگەیاند، هێرشەکانیان بۆ یەمەن دوای ئەوەدێت کە شەوی هەینی ٢ـی شوبات ٨٥ هێرشی ئاسمانی کرایە سەر حەوت ناوچەی جیاواز لە خاکی عێراق و سوریا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشەکانی یەمەندا فڕۆکەی جەنگی ئێف ئەی ١٨ـی ئەمریکا بەکارهاتووە کە لەسەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو-ئێس-ئێس- دوایت هەڵگیرابوون و لە هەمان کاتیشدا بەریتانیا لەرێی کەشتییە جەنگییەکانیەوە بە موشەک بۆردوومانی پێگەکانی دەکرد کە چەندین موشەکی کروزی تێدا ئامادەکرابوو بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سور.

لە بەرامبەریشدا، یەحیا سەریع وتەبیژی گروپەچەکدارەکانی (ئەنساڕوڵا) رایگەیاند، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ئەمریکا و بەریتانیا لە شەش پارێزگای جیاوازی یەمەن ٤٨ پێگەیان کردووەتە ئامانج. وتیشی، "بارەگا سەربازییەکان لە پارێزگاکانی سەنعا و حەدیدە و تەعز و بەیزاء و حەجە و سەعدە کراونەتە ئامانج".

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ٢ـی شوبات فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ٨٥ هێرشیان بۆسەر گروپەچەکدارەکان لە خاکی لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە. دەشڵێت، "لەو هێرشانەدا ١٢٥ مووشەک بەکارهێنراون" وپێشتریش لە رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکی لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و چەند سەربازێکی دیکە بریندار بوون.

 













گەلەری