سەردێڕ:

دوایین پێشهات و ئامارەکانی جەنگی غەززە

PM:10:51:03/02/2024

1604 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا ٢٧ هەزار و ٢٣٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٦ هەزار و ٤٥٢ کەسیش بریندار بوون جگە لەو کەسانەشی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندار و بێسەروشوێن بوونی فەڵەستینییەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار کەس.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لە کەرتی غەززە ٢٧ هەزار و ٢٣٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٦ هەزار و ٤٥٢ کەسیش بریندار بوون جگە لەو کەسانەیتاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.

ئەوەشی خستە روو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ١٢ هێرشی سوپای ئیسڕائیلدا ١٠٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین باسی لەوە کرد، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح ژیانی زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار فەڵەستینی دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە.

هاوکات، میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، لایەنە نێوەندگیرەکان داواکاری ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو مانگ ئاڕاستەی حەماس کردووە و بڕیارە حەماسیش پابەند بێت پێوەی بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان و دابینکردنی هاوکاریی و ئاڵوگۆڕی دیلەکان. دەشڵێن، " ئاڕاستەی جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران مووشەکەوە ئیسرائیلی بۆردۆمان کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دووبارە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵبگیرسێتەوە.













گەلەری