سەردێڕ:

لە چوار بۆردومانی رۆژهەڵاتی سوریا شەش کەس گیانیان لەدەستدا

PM:11:07:02/02/2024

2920 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی چوار بۆردومانی فڕۆکەی نەناسراو بۆ سەر ناوچەکانی سنوری دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سوریا شەش ئەندامی گروپە چەکدارەکان گیانیان لەدەستداوە و چوار ئەندامی دیکەش بریندار بوون.


ئەمڕۆ هەینی، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، چوار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی سنوری دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراون کە سێ هێرشیان بۆ سەر ناوچەی مەیادین و هێرشێکی دیکەش بۆ سەر ناوچەی بولکەمال بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شەش ئەندامی گروپە چەکدارەکان گیانیان لەدەستدا و چوار ئەندامی دیکەش بریندار بوون.

ئەوەشی خستە روو، ئەو فڕۆکانە تاوەکو ئێستا نەناسراون و دیار نین سەر بە چی لایەنێکن، هەروەها تاوەکو ئێستا بە چڕی بەسەر ناوچەکانی سنووری دێرەزوردا دەسوڕێنەوە.

لای خۆشیەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی سەر ناوچەکانی دێرەزور لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام نەدراون.

قسەکانی ئەو بەرپرسە لەدوای ئەوە دێت، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بڕیاریانداوە بێدەنگ نەبن لە کوژرانی سێ سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکی لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و چەند سەربازێکی دیکەیان بریندار بوون.

دواتر واشنتن گروپەچەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد و پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی ئێران دەداتەوە.


 














گەلەری