سەردێڕ:

فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتنەڕێ

PM:09:19:02/02/2024

3472 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییە موشەک هەڵگرەکانی ئەمریکا بە ناوی 'بی وەن' بە ئاسمانی بەریتانیادا تێپەڕبوون و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتنەڕێ. دەشڵێت، " چەند ناوچەیەک لە عێراق و سوریا بۆردومان دەکات".


ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، وەڵامدانەوەکان پەسەندکران و بڕیاردراوە لەسەر بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک لە خاکی عێراق و سوریا.

ئاماژەی بەوەش کرد، چەند فڕۆکەیەکی موشەک هەڵگری جۆری 'بی وەن' لە بنکەی لەیکنهێس لە بەریتانیاوە بە ئاڕاستەی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتنەڕێ وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی چەند شەوی رابردوو کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ سەربازی ئەمریکی.

لەلایەکی تریشەوە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "وڵاتەکەمان بە توندترین شێوە بەرپەرچی هەر هێرشێک دەداتەوە کە ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر خاکەکەمان."

وتیشی،" هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئێران بە بیانوی هێرشی گروپەچەکدارەکان لە ئوردن بێ بنەمان."

هاوکات رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بڕیاریانداوە بێدەنگ نەبن لە کوژرانی سێ سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە ٢٨ـی مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکی لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و چەند سەربازێکی دیکەیان بریندار بوون.

دواتر واشنتن گروپەچەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد و پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی ئێران دەداتەوە.













گەلەری