سەردێڕ:

حەماس: پێشنیازی ئاگربەستمان بۆ کراوە

PM:09:50:30/01/2024

2904 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، پاریس پێشنیازی راگەیاندنی ئاگربەستی لە کەرتی غەززە بۆکردوون. دەشڵێت '' لە ئێستادا سەرقاڵی پێداچوونەوەی پێشنیازەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاو بدەین سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست یان بەردەوامبوونی جەنگ لە کەرتی غەززە''.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسماعیل هەنیەی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، سەبارەت بە راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەست، پێشنیاری پاریسیان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بوەستێنن.

وتیشی'' من بۆ ئەو مەبەستە سەردانی قاهیرە دەکەم و لەگەڵ سەرکردەکان تاوتوێی ئاگربەست دەکەین".

جەختیشی لەوە کردەوە، بزووتنەوەکەیان ئامادەیە بۆ قبوڵکردنی هەموو ئەو پێشنیارانەی کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕ لە کەرتی غەزە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران مووشەکەوە ئیسرائیلی بۆردۆمان کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دووبارە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵبگیرسێتەوە.

بەپێی نوێترین ئامارەکانیش، تا ئێستا لە کەرتی غەزە ٢٦ هەزار و ٧٥١ کەس بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و ٦٥ هەزار و ٥٣٦ کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا بەپێی دواین ئاماری تەندروستی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماسەوە هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری