سەردێڕ:

بەریتانیا پێشنیازێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەخاتە روو

PM:06:03:28/01/2024

1888 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی بەریتانیا رایگەیاند، پێكهێنانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی هەمیشەیی بۆ راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. دەشڵێت، "پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین کارێکی گرنگ دەبێت تاوەکو لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگ حوکمی فەڵەستین بکات و بەڕێوەی ببات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز لە زاری بەرپرسێکی بەریتانیاوە بڵاوی کردەوە، کۆدەنگی و هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەیەک دەڕوات کە بتوانرێت لەڕێگەی پێکهێنانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی، چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بدۆزرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەم هەفتەیەدا سەردانی کەرتی غەززەی کرد بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو لا پێشنیازێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە خستووەتە روو کە خۆی لە پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین دەبینێتەوە تاوەکو لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگ حوکمی فەڵەستین بکات و بەڕێوەی ببات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر بەریتانیا ئەو پلانەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا و ئەوروپا تاوتوێ کردووە و نزیک بوون لەوەی دانوستان لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست بکەن.

بە گوێرەی دانوستانەکان، دەبێت ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ رابگرێت لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە ١٠٠ بارمتە کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

ئەوەش لەکاتێكدایە، لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە جەنگ لەنێوان گروپی چەکداری حەماس و سوپای ئیسرائیلدا هەڵگیرساوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.













گەلەری