سەردێڕ:

تەندروستیی غەززە: نزیکی ٢٥ هەزار کەس لەم جەنگەی فەڵەستین و ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە

PM:08:28:20/01/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم جەنگەی کۆتاییەوە لەگەڵ ئیسرائیل، نزیکەی ٢٥ هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٢ هەزار فەڵەستینی دیکەش برینداربوون.


تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ و لە ٧ی مانگی ١٠ی ساڵی رابردووەوە، ٢٤ هەزار و ٩٢٧ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و ٦٢ هەزار و ٣٨٨ـی دیکەش برینداربوون.

باسی لەوەش کرد، تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٦٥ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و ٢٨٠ـی دیکە برینداربوون.

ئەوەشی خستووەتە روو، هێشتا ژمارەیەک تەرم لەسەر رێگا و ژێر پاشماوەی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین داوای بەپەلە وەستاندنی جەنگی کردووە و داوا دەکات، "دوای ١٠٦ رۆژ لە جەنگ کۆتایی بەو کارەساتە مرۆییە بهێنرێت کە لە ناوچەکە روودەدات."

لە رۆژی ٧ی مانگی ١٠ـی ساڵی رابردووەوە، بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە ئیسرائیلی بۆردومان کرد، جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەستیپێکردەوە، تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامی هەیە، دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەش کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە و وڵاتان داوای راگرتنی جەنگ دەکەن لە زووترین کاتدا.

لە دوایین کاردانەوەشدا؛ دوێنێ، لە دانیشتنی پلینۆمیدا لە ستراسبۆرگ بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی بەردەوامی هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین؛ پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی دا لەسەر رەشنووسێکی تایبەت بە کەرتی غەززە بۆ ئاگر بەست و لە دانیشتنەکەشدا ٣١٢ ئەندام دەنگیان بە بەڵێ و ١٣١ ئەندام دەنگیان بە نەخێر دا و٧٢ ئەندامیش دەنگیان نەدا، کە ئامانج لە دەنگدان لەسەر رەشنووسەکە راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و خێراکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بوو بۆ ناوچەکە.













گەلەری