سەردێڕ:

پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی دا لەسەر رەشنووسێک بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە

PM:09:48:18/01/2024

1424 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی دا لەسەر رەشنووسێکی تایبەت بە پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و خێراکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە دانیشتنی پلینۆمیدا لە ستراسبۆرگ بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی بەردەوامی هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین؛ پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی دا لەسەر رەشنووسێکی تایبەت بە کەرتی غەززە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە پڕۆسەکەدا ٣١٢ ئەندام دەنگیان بە بەڵێ و ١٣١ ئەندام دەنگیان بە نەخێر دا هاوکات ٧٢ ئەندامیش دەنگیان نەدا کە ئامانج لە دەنگدان لەسەر رەشنووسەکە راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و خێراکردنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ ناوچەکە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە ئەگەری پەسەندکردن و جێبەجێ کردنی رەشنووسەکە هۆشداری دراوەتە ئیسرائیل لە کاردانەوەکانی لەماوەی ئاگربەستەکە و رەوانەکردنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکە.

ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، بەپێی دوایین ئاماری تەندروستی غەززە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە فەڵەستین زیاتر لە ٢٤ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە ٦١ هەزار کەسیش برینداربوون. سوپای ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە لە دەستپێکی شەڕەوە تا ئێستا هەزار و ٢٠٠ کەسیان لێکوژراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی حەوتی مانگی ١٠ـی ساڵی رابردووەوە جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەستیپێکردەوە، بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە ئیسرائیلی بۆمبباران کرد. تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامی هەیە.













گەلەری