سەردێڕ:

ئەمریکا و بەریتانیا بۆ جارى چوارەم بۆردومانى حوسییەکانیان لە یەمەن کرد

PM:02:10:18/01/2024

1724 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا رایگەیاند، بۆ جارى چوارەم لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا، بە بەکارهێنانى فڕۆکە و هەڵدانى موشەکى تۆماهۆک لە دەریاى سورەوە هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەى چەکدارانى حوسى لە ناوچەکانى خۆرئاواى یەمەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ئاژاناسی هەواڵی رۆیتەرزی رایگەیاند، بۆ چوارەم جار وەڵامی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی یەمەنیان داوەتەوە دوای ئەوەی هەوڵیان داوە دووبارە کەشتیەکی بازرگانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.

باسی لەوەش کرد، بە هەماهەنگی بەریتانیا تواندراوە ١٤ هێرشی موشەکی حوسیەکان تێکبشکێندرێت کە ئامادەکرابوو بۆ بۆردوومانی کەشتییە بازرگانییەکان. دەشڵێت " رێگە نادەین کە هەروا بە ئاسانی ناسەقامگیری ئاسایش لەسەر ناوچەکە دروستبکەن".

لەلایەکی تریشەوە میدیای فەرمی حوسییەکان بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا و بەریتانیا لە یەمەن هەر یەک لە ناوچەکانی تەعز، زمار، بەیزا، سەعدە و حودەیدەیان کردووەتە ئامانج.

ئەوەش لەدواى ئەوەهات، پێشتر حوسییەکان بڵاویانکردەوە، کەشتییەکى ئەمریکییان بە ناوى جینکۆ بیکاردى لە کەنداوى عەدەن کردووەتە ئامانج و موشەکەکانیان بە وردیی ئامانجەکەیان پێکاوە.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکانی میدیاکان، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەکانەوە نرخی نەوت و ئاڵتون لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە بە رێژەی١٪ و لە ئێستاشدا جموجوڵی بازرگانی لە کەناڵی سوێس گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا.













گەلەری