سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر حوسییەکان لە یەمەن

AM:08:30:12/01/2024

4064 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوبەشی بەریتانیا هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکەکانی گروپی چەکداری حوسییەکان لە سەرجەم شارەکانی یەمەن.


شەوی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راگەیاند، بە هاوکاری بەریتانیا هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکەکانی گروپی چەکداری حوسییەکان لە یەمەن و ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵیت، هێرشەکان سنوردار و پێویست بوون.

ریشی سوناک باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای هۆشداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حوسییەکان بەردەوام بوون لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەریای سور، دەشڵێت، "نەدەکرا ئەو هێرشانە بەردەوامبن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا هێرشەکەیان کردووە.

هاوکات، بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەری راگەیاند، بۆردوومانەکانی سەر حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتی و ژێردەریایی جەنگی ئەنجامدراون.

لە کاتی هێرشەکاندا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا راگەیاند، هێرشە هاوبەشەکانی بەریتانیا و ئەمریکا بە ئاماجی لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی حوسییەکانە لە یەمەن.

باسی لەوەش کرد، هێرشە هاوبەشەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ بەریتانیا بە هاوکاری بەحرەین و ئوسرالیا و کەنەدا و هۆڵەدا بووە و چەند ئامانجێکی جیاوازیان لە هەموو شارەکانی یەمەن پێکاوە.

ئەوەشی خستە روو، "هاوپەیمانێتی ئێمە لەم هێرشەدا پەیامێکی روونە بۆ حوسییەکان کە ئەگەر هێرشەکانیان رانەگرن روبەرووی وەڵامی توند دەبنەوە".

لایخۆشییەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانیان لەگەڵ بەریتانیا بۆسەر حوسییەکان لە یەمەن بەرگریکردن بووە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و سەرکەوتوو بوون. دەشڵێت، "دوو دڵنابم لە گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر بەرامبەر حوسییەکان".

شەوی رابردوو پێش هێرشەکان، جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاته‌كه‌ی لەگەڵ هاوپەیمانان تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتووی دژی حوسییەکان دەکات ئەگەر هێرشەکانیان لە دەریای سور رانەگرن.

هەر پێش هێرشەکان، ئاژانسی سکای نیوزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەتەکەی کۆبووتەوە و بڕیاریان داوە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا هێرشبکەنە سەر حوسییەکان.

هێرشی حوسییەکان بۆسەر کەشتییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ غەززە و حەماس لە دەریای سور هێرشی دەستپێکرد بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە تایبەت ئەوانەی وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیل.


 














گەلەری