سەردێڕ:

گەنجێکی جەزائیری بۆ گەیشتن بە فەرەنسا دزەی کردووەتە نێو ژووری تایەی فڕۆکەیەکەوە

PM:03:07:05/01/2024

2600 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی جەزائیر بڵاویکردەوە،هەفتەی رابردوو لە فڕۆکەخانەی ''وهران''ـی نێودەوڵەتی جەزائیر، گەنجێک بە نهێنی چووەتە ژووری تەنیشت تایەی فڕۆکەیەکەوە کە بەرەو فڕۆکەخانەی '' ئۆرلی'' لە فەڕەنسا گەشتی کردووە. دەسەڵاتدارانی فەڕەنساش دەڵێن'' کەسێکمان دۆزیوەتەوە لە ژووری تایەی فڕۆکەیەکەدا خۆی حەشاردابوو''.


ئاژانسی هەواڵی فەرمی جەزائیر بڵاوی کردەوە، هەفتەی رابردوو گەنجێک دزەی کردووەتە فڕۆکەیەکەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەزائیر و لەو رێگەیەوە گەشتی کردووە بۆ فەڕەنسا بە نایاسایی.

لە زاری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەوە ئەوەشی خستووەتە روو، بەفەرمانی سەرۆکی جەزائیر پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە کراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە بۆ ئەوەی چۆنییەتی رووداوەکە ئاشکرا بکەن.

هاوکات دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا رایانگەیاند، گەنجێکیان دۆزیەتەوە لە بیستەکانی تەمەنیدایە کە لە ژووری تەنیشت تایەی فڕۆکەیەکەوە خۆی حەشاردابوو لەو رێگەیەشەوە گەیشتووەتە فەڕەنسا، دەشڵێن'' باری تەندروستی ناجێگیرە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی''.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی بڵاوکراوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، تەنها لە فڕۆکەخانەی فیدڕاڵی ( ئێف ئەی ئەی ) لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ بۆ ٢٠٢١دا ١٣٢ کەس هەوڵی گەشتکردنی نایاساییان داوە لە رێگەی ژووری تەنیشت تایەی فڕۆکەوە.













گەلەری