سەردێڕ:

سوپای ئیسرائیل: تا ئێستا ٥٠١ سەربازمان گیانیان لەدەستداوە

PM:04:49:28/12/2023

1496 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ململانێکانی ئەمڕۆی کەرتی غەززەدا سێ سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی ئیسرائیل بۆ ٥٠١ کەس بەرزبووەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە میانەی ململانێکان لە کەرتی غەززە سێ سەربازی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و حەوتی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی ئیسرائیل لە ٧ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا بۆ ٥٠١ سەرباز بەرزبووەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٠ سەرباز کە لە نێوانیاندا ٣٢٩ سەربازیان تەندروستیان ناجێگیرە و برینەکانیان سەختە و ٥٧٦ سەربازی دیکەشیان بارودۆخی تەندروستییان تا رادەیەک جێگیرە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا چەکدارانی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە تاکو ئێستا جەنگی نێوانیان بەردەوامی هەیە، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش برینداربوون.













گەلەری