سەردێڕ:

لە سەرەتای جەنگەوە؛ زیاتر لە ملیارێک دۆلار زیان بەر کەرتی تایبەتی غەززە کەوتووە

PM:07:36:27/12/2023

1020 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ناوەندیی ئاماری فەڵەستین رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگەوە تاکو ئێستا و بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە، بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بەر کەرتی تایبەت کەوتووە و ٨٩٪ـی کرێکارانی غەززە بێکار بوون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ناوەندیی ئاماری فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە دەستپێکی جەنگەوە تاکو ئێستا بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە رۆژانە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار زیان بەر کەرتی تایبەت کەوتووە کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراراوە، ٣٥ ھەزار دامەزراوە کاری بەرھەمھێنان تێیاندا وەستاوە و لە کۆی ٥٢٢ هەزار کرێکار ٨٩٪ـی کرێکارانی کەرتی غەززە بێ کارن.

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا چەکدارانی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە تاکو ئێستا جەنگی نێوانیان بەردەوامی هەیە، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ٢٠ هەزار ٩١٥ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە، لە بەرامبەریشدا، تا ئێستا ٣٧٣ سەربازی سوپای ئیسرائیل گیانیان لەدەست داوە.













گەلەری