سەردێڕ:

حەماس: بە یەک مەرج بارمتەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکەین

PM:05:21:21/12/2023

3460 جار خوێندراوەتەوە

گروپی چەکداری حەماس رایگەیاند، مەرجی ئازاد کردنی ئەو بارمتانەی لە دەستیاندا ماوە کۆتایی هێنانی جەنگی نێوانیان و ئیسرائیلە و تاوەکو ئیسرائیل کۆتایی بە جەنگ نەهێنێت هیچ بارمتەیەک ئازاد ناکەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، گروپی چەکداری حەماس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلەگرام راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین کۆکن لەسەر ئەوەی تاوەکو ئیسرائیل کۆتایی بە جەنگ نەهێنێت ئامادە نین هیچ یەک لەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لەلایان ماوە ئازاد بکرێن.

ماوەی چەند رۆژێکە لەقاهیرەی پایتەختی میسر بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاگربەستێکی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا گفتوگۆکان بەردەوامیان هەیە، لایەنە نێوەندگیرەکان داوای ئاگر بەستی کاتی و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان دەکەن، بەڵام حەماس بەردەوام ئەوە رەتدەکاتەوە و داوای ئاگربەستی یەکجاری دەکات.

هەر ئەمڕۆ، جۆزیف بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ناوچەکە بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و بەگوێرەی راپۆرتە تەندروستییەکان ژمارەی گیان لەدەستدان ١٩ هەزار و ٤٥٣ کەسە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیان منداڵ و ژنن. دەشڵێت، "پێویستە پێش ئەوەی گرژییەکان فراوانتر بێت، ئاگربەست رابگەیەنرێت تا ناوچەکە دووچاری قەیرانی لەوە زیاتر نەبێتەوە."

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری